هونه‌ری - هۆشه‌نگ كامكار: قاله‌مه‌ڕه ئه‌ستێره‌یه‌كی موزیكی كوردستان بوو | |
PNA- ـ هۆشه‌نگ كامكار له لێدوانێكی تایبه‌تدا رایگه‌یاند: "قاله‌مه‌ڕه ئه‌ستێره‌یه‌كی موزیكی كوردستان بوو. هیچ كاتێك هونه‌ره‌كه‌ی نه‌فرۆشتووه". موزیكزانی به‌ئه‌زموون و ناوداری كورد هۆشه‌نگ كامكار و سهرپهڕستی هونه‌ری گروپی موزیكی كامكاران له لێدوانێكی تایبه‌ت به ئاژانسی هه‌واڵی په‌یامنێر، سه‌باره‌ت به كه‌سایه‌تی شمشاڵژه‌نی كورد "قاڵه‌مه‌ڕه"، گوتی: "به‌ڕای من یه‌كێك له ئه‌ستێره‌كانی فه‌رهه‌نگی موزیكی كوردی بوو،] هۆشه‌نگ كامكار لێره‌دا دڵی پڕ بووه و قسه‌ی بۆ نه‌ده‌هات ... [به‌ڕاستی ناتوانم قسه بكه‌م نازانم بڵێیم چی، به‌ڵام حه‌یف بوو. نه له زه‌مانی پێشوودا رێزیان لێگرت و نه له‌م زه‌مانه‌شدا، به‌ڵام هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره بوو." هه‌روه‌ها گوتی: "باروودۆخی ژیانی ئێمه زۆر باش نییه و هه‌موو كه‌سێك ئێمه ده‌ناسێت كه چۆن ژیان ده‌به‌ینه سه‌ر، به‌ڵام چه‌ند ساڵ له‌مه‌و به‌ر بڕیارماندا كه یارمه‌تی "قاڵه‌مه‌ڕه" بده‌ین و شتێكمان بۆ دیاری كرد هه‌ر چه‌نده زۆر نه‌بوو، به‌ڵام به‌داخه‌وه هیچ كه‌سێك یارمه‌تی نه‌ده‌دا." سهرپهڕستی هونه‌ری گروپی موزیكی كامكاران سه‌باره‌ت به شمشاڵژه‌نی كورد، گوتی: "مرۆڤێك بوو كه له پای فیكر و ئه‌ندێشه‌ی خۆی ده‌ژیا مرۆڤێكی عارف بوو، من ئه‌مڕۆكه به هاوسهركهمم ده‌گوت كه ئێمه ئه‌گه‌ر بمانه‌وێت عیرفان و عارفییهت ته‌فسیر بكه‌ین به ته‌واوی مانا له وجوودی ئه‌و پیاوه‌دا بوو. به‌و هونه‌رییه‌وه ژیانی خۆی كرد به له‌به‌ر چاوگرتنی ئه‌وه‌ی كه له مێژووی موزیكی كوردیدا هونه‌رمه‌ندێكی گه‌وره بوو، هیچ كاتێك هونه‌ره‌كه‌ی نه‌فرۆشت و له‌و فیكر و بیروباوه‌ڕه‌ی كه بووی هیچ كاتێك وازی نه‌هێنا و هه‌موو كاتێك به‌دوای ئامانج و مه‌به‌ست و موزیكی خۆیه‌وه بوو. من هه‌موو كات به داخم بۆی كه له مێژووی ژیانیدا هیچ كه‌سێك ئاوڕی لێنه‌داوه كه ئه‌مه زۆر جێگای داخه." هۆشه‌نگ كامكار سه‌باره‌ت به ره‌نگدانه‌وه‌ی كاره‌كانی "قاله مه‌ڕه" له ئاواز و گۆرانی كامكاراندا، گوتی: "من چه‌ند ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له كۆنفرانسی موزیكی "سواس" له له‌نده‌ن بۆ پێشكه‌ش كردنی وتارێكی زانستی له‌سه‌ر ئامێری شمشاڵ بۆ وڵاتی به‌ریتانیا بانگهێشت كرابووم، هه‌ندێك له كاره‌كانی "قاله مه‌ڕه"م به شێوی ڤیدیۆ تۆمار كرد. له‌م كۆنفرانسه‌دا من سه‌باره‌ت به ئامێری شمشاڵ و شێوه‌ی ژه‌نینی ئه‌م ئامێره و هه‌روه‌ها مه‌قامه‌كانی ئاخاوتنم كرد و چه‌ندین دیمه‌نم له وێنه‌كانی ئه‌م فیلمه بۆ بینه‌ران نمایش كرد. دیاره كاره‌كانی قاله مه‌ڕه له‌سه‌ر ئاواز و گۆرانی گروپی موزیكی كامكاراندا كاریگه‌ری هه‌یه. نه ته‌نیا كاره‌كانی قاله مه‌ڕه له‌سه‌ر ئێمه كاریگه‌ری ئه‌وتۆی هه‌یه به‌ڵكوو به گشتی ئێمه له موزیكی كوردی كه‌ڵك وه‌رده‌گرین." ئاوازدانه‌ر و ئه‌ندامی گروپی موزیكی كامكاران سه‌باره‌ت به كاری هونه‌ری هاوبه‌ش له گه‌ڵ قاله‌مه‌ڕه، گوتی: "زۆر به داخم كه نه‌مانتوانی و رێكنه‌كه‌وت كه له‌گه‌ڵ گروپی موزیكی كامكاراندا به شێوه‌ی كۆنسێرت به‌رنامه‌یه‌ك پێكه‌وه پێشكه‌ش بكه‌ین كه ئه‌وه ته‌نیا به هۆی دووری رێگاوه بوو، ئه‌و له ئێمه دوور بوو و نه‌مانتوانی ئه‌و كاره به‌یه‌كه‌وه بكه‌ین. به‌ڵام من له كوردستانی عێراق كاك عه‌بدوڵڵا جه‌ماڵ سگرمه كارێكی سه‌باره‌ت به قاله‌مه‌ڕه نووسی و زۆر جوان و رێكووپێك بوو، به بڕوای من ئه‌وه له مێژوودا ماوه و من لێره‌وه پیرۆزبایی پێی ده‌ڵێیم كه ئه‌و كاره جوانه‌ی كرد به بڕوای من زۆر زۆر جوان بوو، من هه‌ر كاتێك ئه‌و كلیپه ده‌بینم دڵم پڕده‌بێت." هه‌روه‌ها گوتی: "له‌ده‌ستدانی "قاله‌مه‌ڕه" بۆ ته‌واوی گه‌لی كورد زۆر جێی داخه له هه‌ر شوێنێكی دنیا بێت، یه‌كێك له‌و ئامێرژه‌نه گه‌ورانه بوو كه به‌داخه‌وه زۆر به‌داخه‌وه له هه‌ژاری و نه‌داریدا ژیانی به‌سه‌ر ده‌برد، میلله‌تی كورد بۆ ئه‌و كه‌سایه‌تییه ده‌بێت ره‌شپۆش بێت و ماته‌مین بگرێت." ئاوازدانه‌ی كورد سه‌باره‌ت به به‌راوردكردنی ئاستی هونه‌ری و ئامێرژه‌نی قاله‌مه‌ڕه له گه‌ڵ هونه‌رمه‌ندانی ناوداری دنیا، گوتی: "ده‌توانم "قاله‌مه‌ڕه" وه‌كوو سیتارژهنه ناودار و گه‌وره‌ی هێندستان "بیسمیلا خان" به‌راورد بكه‌م، له ئێران‌دا ئێمه ئامێرژه‌نی زۆر گه‌وره‌مان هه‌یه بۆ نموونه "شاهمیرزا مورادی" ئامێرژه‌نی به‌توانای لوڕستان. قاله‌مه‌ڕه‌ش له ئاستێكی زۆر به‌رزدا ئامێری شمشاڵی ده‌ژه‌نی، به‌ڵام به‌و شێوه‌یه‌ی كه ده‌بوایه نه‌ناسرا و هه‌ر له شاری بۆكاندا ماوه و به‌داخه‌وه كه‌سێك ده‌ستی نه‌گرت كه هونه‌ره‌كه‌یان به شێوه‌ی ئه‌وتۆ و پێویست له ئاستی ئێران و دنیادا بناسرێت." موزیكزانی كورد هۆشه‌نگ كامكار و سهرپهڕستی هونه‌ری گروپی موزیكی كامكاران له كۆتایی ئه‌م دیداره‌دا گوتی: "ئێمه وه‌كوو گروپی موزیكی كامكاران ئه‌و توانایه‌مان نییه كه به ته‌نیا رێوڕه‌سمێك بۆ به‌رز راگرتنی یاد و بیره‌وه‌ری ئه‌و كه‌سایه‌تییه به‌ڕێوه‌به‌رین، به‌ڵام له به‌رنامه‌ماندا هه‌یه كه كارێكی گونجاو بۆ قاڵه‌مه‌ڕه بكه‌ین، ده‌بێت ئه‌نجوومه‌نی كورده‌كانی تاران یا هه‌ر كه‌سێكی دیكه كه ئه‌و ئه‌ركه‌یان له‌سه‌ر شانه، رێوڕه‌سمێك بخه‌نه‌ڕێ كه هه‌موو كوردێك بتوانن تیایدا به‌شداری بكه‌ن و پێكه‌وه یادی مامه قادر به‌رز رابگرین." |